بیست و شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا یه‌كێك له‌ سامناكترین تاوانه‌كانى مێژوو دژ به‌ گه‌لى كورد و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى ئه‌نجام درا كاتێك فڕۆكه‌ مه‌رگهێنه‌كنى به‌عس به‌ چه‌كى كیمیایى شارى ئارامى هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆمباران كرد و له‌ چه‌ند خوله‌كێكى كه‌مدا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار مرۆڤى شه‌هید و به‌ هه‌زارانى دیكه‌شى بریندار و ته‌واوى ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى ژاراوى كرد.

له‌و یاده‌ تاڵه‌دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین و هاوخەمیی خۆمان بۆ برینداران و كەسوكاری قوربانییانی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ دووپات دەكەینەوە. ئەو تاوانە گەورەیە، ڕاسته‌ به‌ یه‌كێك لە گەورەترین تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتیی دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا دەژمێردرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌ كلیلى كردنه‌وه‌ى گرێكوێره‌ى به‌ختى كورد.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك پێویست بە هانای گەلەكەمانه‌وه‌ نەهات و بێده‌نگییان لێ كرد، به‌ڵام دوای چەندین ساڵ لە هەوڵ  و تێكۆشانی بەردەوام، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی بڕیار، دانیان بە گه‌وره‌یى كاره‌ساته‌كه‌دا نا و له‌م ساڵانه‌ى دواییدا هه‌ڵمه‌تى ناساندنى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ جینۆساید له‌ چه‌ندین وڵاتى جیهان ده‌ستى پێكرد و به‌ هه‌وڵ و كۆششى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دۆستان و دڵسۆزان به‌رده‌وامه‌.

ئه‌مساڵ یادى ئه‌و كاره‌ساته‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاوخه‌مى و هاوده‌ردى و ماته‌مین بۆ یادى قوربانیان، پیرۆزباییش له‌ خه‌ڵكى خۆڕاگرى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ین و دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌ركى خۆى ده‌زانێت هه‌مو خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكارى قوربانیان بكات و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بێت درێغى ناكات.

نه‌مرى بۆ شه‌هیدان و هیواى چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران و دڵنه‌وایى بۆ كه‌سوكارى قوربانیان ده‌خوازین. پیرۆزبایى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییان و ته‌واوى كوردستانیان ده‌كه‌ین.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.

2014/3/16

 

 

 

 

 

 

 

 

جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستى كوردستان و ده‌ڤه‌ری تێكۆشه‌رى ڕاپه‌ڕین

 

23  ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زن و مێژووییه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا تێده‌په‌ڕێ، له‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌دا پیرۆزباییه‌كى گه‌رم له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتی و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین.

23 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان له‌ كه‌مترین مافی سه‌ره‌تاییى خۆى بێبه‌ش كرابوو، بۆیه‌ تێكڕا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به ‌پشتیوانیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ڕێنوێنیی به‌ره‌ی كوردستانی و سیاسیی كورد، گورزێكی كاریگه‌ریان وه‌شانده‌ ڕژێمی به‌عسى له‌ناوچوو و له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا ته‌واوى ناوچه‌كانى كوردستانیان ئازاد كرد.

ڕاپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌ی ئاداری (1991) وه‌ڵامێكى مێژووییی خه‌ڵكی كوردستان بوو له‌ به‌رامبه‌ر بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست هه‌موو ئه‌و زوڵم و سته‌م و پێشێڵكاریانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان ده‌كرا.

ڕاپه‌ڕین بووه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری 688 ده‌ربكات كه ‌تیایدا ناوچه‌ی ئارام ده‌ستنیشان كرا و ڕژێمی به‌عسی ڕووخاو له‌ سنووره‌كانی هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك كشایه‌وه‌. دواتریش به‌ پاڵپشتیی دۆستان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی ئازاد له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا و‌‌ دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و دواتریش حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى لێ كه‌وته‌وه.

هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیی په‌رله‌مانى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ‌كاتێكدا دامه‌زران كه‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌ن ژێرخانێكى ڕووخاووى خاكێكى به‌سووتماككراو بوو، كه‌ شوێنه‌وارى ڕووخانى زیاتر له‌ 4000 گوند و ئه‌نفال و كیمیاباران به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاربوو، به‌ڵام به‌ ئیراده‌ى پته‌وى گه‌لى كوردستان توانرا به‌سه‌ر ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌كاندا زاڵ بین. ئه‌مڕۆش دواى 23 ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتیه‌كان، ده‌توانین به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر میلله‌تی خۆمان بوه‌ستین و خه‌رمانی ده‌سكه‌وت و داهێنانی گه‌وره‌ ببینین و كوردستانێك كه‌ به‌عس به ‌وێرانكراوی به‌جێی هێشت، ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كات ده‌ستبه‌رداری ئیراده‌ی چاكسازی و پێشخستنی ئه‌زموونه‌كه‌مان نه‌بووه ‌و نابێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌نگاوی گه‌وره‌مان له‌ بواری خزمه‌تگوزاری و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدانی وڵاته‌كه‌مان بڕیوه ‌و به‌رنامه‌شمان به‌رده‌وامبوونه‌ له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تكردنی زیاترى هاوڵاتیان.

هه‌ر له‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خوازیاره‌ یادی ڕاپه‌ڕین ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌ بۆ پته‌وكردنی خه‌باتی هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌ك كه‌ خۆى له‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى تازهدا‌ ده‌بینێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردسان و سه‌رخستنى ئه‌زموونه‌كه‌مان و به‌هێزكردنی برایه‌تی و ته‌بایی و پاراستنی یه‌كڕیزیی گه‌لی كوردستان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانماندا.

به‌رز و پیرۆز بێت یادی ڕاپه‌رین و دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و بزاڤى ڕزگاریخوازى كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌ریمى كوردستان
4ى ئادارى 2014

 

 

 

 

 

 

 

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥/١٢/٢٠١٣، پڕۆژە یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شەهیدی به‌ فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆكی ئەنجوومەنی وه‌زیرانى عێراقى فیدرال کرد، ڕۆژی ٣١ـى کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد. ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیەی هەرێمی کوردستان و چاومان لەوەیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە زووترین کات ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بکات.


داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین هەروەک چۆن رۆڵی نیشتیمانییان بینی لە ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید، بەهەمان شێوە لە پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەدا هەمان هەڵوێست دووبارە بکەنەوە و پشتیوانی ئەم داخوازیە رەوایەی خەڵکی هەڵەبجە بن.

لێرەوە داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بێ جیاوازی، شاندی هاوبەش دروست بکەن و وەک یەک تیمی کوردستانی، بۆ زامنکردنی پشتیوانی بۆ یاساکە، لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.

هەڵەبجەی شەهید بووەتە هێمای قوربانیدان و مافی لەسەر کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی هەیە، بۆیە هیوادارین ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاست ئەو متمانەیەدابن کە خەڵکی ئازیزی هەڵەبجە پێیان کردوون و بە دەنگی خۆیان لە دڵخۆشی خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەی شەهید بەتایبەتی بەشدار بن.



سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

٢/١/٢٠١٤

 

 

 

 

بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژی سێشەممە ٣١ـى کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد و خواستێکی ڕەوای خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە هاتەدی کە ماوەیەکی زۆر بوو کارمان بۆی دەکرد.

بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجەی شەهید دەکەم، خۆشحاڵم کە لە کۆتاییدا ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو هاتەدی. لەماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو کارە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو بکات، هەربۆیە ڕۆژی سێشەممە ‏‏24/12/2013 لە نامەیەكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوام کرد لە وردەكاریی ئەو رێوشوێن و ‏هەنگاوانە ئاگادارم بكەنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاكردنی ‏هەڵەبجەی شەهید گرتوویانەتەبەر، ئەوەبوو ڕۆژی 25/12/2013، پڕۆژە یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شەهید لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە به‌ فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدرال کرا.

ئەگەرچی وەدیهاتنی ئەم دەستکەوتە گرینگە بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید ماوەیەکی زۆری پێ چوو، بەڵام دەبوایە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بکات و پڕۆژە یاساکە لە بەغدا پەسند بکرێت.

هەڵەبجەی شەهید سەمبولی قوربانیدانی گەلی کوردە و گرێی بەختی کوردی کردەوە و شایستەی ئەوەیە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بکرێت. هیوادارم دوای ئەم بڕیارە گرینگە، شاری هەڵەبجە ببێتە شاری خۆشی و سەمبولی ئاشتی بۆ هەموو جیهان.

خەڵکی ئەو شارە ئازیزە ناخۆشیی زۆریان بینیوە و پێویستە برینەکانیان ساڕێژ بکرێت، بۆیە هیوادارم ئەو ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت بە دڵی خەڵکی ناوچەکە بێت و خزمەتێکی شایستەیان پێشکەش بکات.

پیرۆز بێت لە هەڵەبجە، پیرۆز بێت لە کوردستان.



مسعود بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١/١/٢٠١٤

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی